نەغەدە؛ دەستبەسەرکرانی سێ هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٧ی بەفرانباری ٢٧٢٤
سێ هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری نەغەدە بەناوەکانی محەممەدتاهیر ئەلیاسی، مەسعوود محەممەدپوور و ئەیووب ئارمەند، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (١٦ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، محەممەدتاهیر ئەلیاسی و ئەیووب ئارمەند، تەمەن ٣٥ ساڵ هەر دوو خەڵکی شاری نەغەدە لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکانیان دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی بەفرانبار، مەسعوود محەممەدپوور تەمەن ٢٥ ساڵ لە یەکێک لە شەقامەکانی نەغەدە و لەحاڵێکدا کە لە نێو تاکسییەکدا بووە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کراوە.
ئەو سێ هاووڵاتییە کە هەرسێکیان خێزاندارن پاش دەستبەسەرکران بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵیان لەبەر دەستدا نییە.