بۆکان؛ دەستبەسەرکرانی ئەرسەلان یووسفی بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی

هەنگاو؛ شەممە ٢٩ی بەفرانباری ٢٧٢٤
ئەرسەلان یووسفی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، دوای بانگکران و ڕۆیشتن بۆ لقی جێبەجێکرانی سزاکان بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای پێنج ساڵ بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (١٤ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، ئەرسەلان یووسفی، تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی گوندی "سڵامەت"ی سەر بە شاری بۆکان بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای پێنج ساڵ بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی بەفرانبار بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی لەو ڕێکەوتەدا بانگ کرابوو.
ئەو هاووڵاتییە لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی دووی بۆکان بە سەرۆکایەتیی دادوەر "کیشوەری" بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت"، "سووکایەتی بە خامنەیی" و "سووکایەتی و بێڕێزی بە پیرۆزییەکانی ئیسلام" سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە ئەو سزایە لە لایەن دادگای پێداچوونەوە بە تەواوی پشتڕاست کرابووەوە.
ئەرسەلان یووسفی ڕۆژی شەممە ١٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کرابوو. شایانی باسە کە ئەو هێزانە لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێل و مۆبایلەکەیدا گرتبوو.