بجنوورد؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دوایین بارودۆخی مەهدی پاک مێهر، بەندکراوی سیاسیی کورد
هەنگاو؛ شەممە ٢٩ی بەفرانباری ٢٧٢٤
مەهدی پاک مێهر، هونەرمەندی کورد و خەڵکی شاری بجنووردی سەر بە پارێزگای خوراسانی باکوور، ئاخرین مانگی سزاکەی بە جووڵەی سنووردار و لە ژێر چاودێری پێبەندی ئەلیکترۆنیی تێ دەپەڕێنێت.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مەهدی پاک مێهر، گۆرانیبێژ و شاعیری کورد، شەشەمین مانگی سزاکەی بە جووڵەی سنووردار لە مەودای ١٠٠٠ مەتری ماڵی خۆی لە بجنوورد تێ دەپەڕێنێت.
مەهدی پاک مێهر، پێشتر لە لایەن دادگای شۆڕشی بجنوورد بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران" سزای ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە سێ مانگی ئەو سزایە لە بەندیخانە، دوو مانگی لە بەندی کراوە و ئاخر مانگ لە ژێر چاودێری پێبەندی ئەلیکترۆنیی لە ماڵەکەی تێپەڕ دەکات.
ئەم هونەرمەندە لە جۆزەردانی ساڵی ٢٧١٧، دوای بڵاوکردنەوەی گۆرانی "بژی کوردستان" و بە تۆمەتی ناوبردنی کوردستان، پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان لەم گۆرانییەدا، دەستبەسەر کرا.
ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بجنوورد، لە مافە سەرەتاییەکانی وەکوو پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، بێبەش بووە.
مێهدی پاک مێهر دوای ماوەیەک دەستبەسەرکران لە کۆتاییدا بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.