سنە؛ دەستبەسەرکرانی ئایدا عەموویی لە چالاکانی بواری مافەکانی ژنان
هەنگاو؛ یەکشەممە ٣٠ی بەفرانباری ٢٧٢٤
ئایدا عەموویی لە چالاکانی بواری مافەکانی ژنان لە شاری سنە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و چارەنووسی نادیارە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٨ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (١٧ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، ئایدا عەموویی تەمەن ٤٠ ساڵ و لە چالاکانی ژن و هەروەها خەڵکی سنە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی عەموویی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ئایدا عەمووییان لە هۆڵی وەرزشییەکەی خۆی (هۆڵی تایکواندۆ) بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کردووە.
هەنگاو زانیویەتی کە ئایدا عەموویی کە خێزاندار و دایکی دوو منداڵە، لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە هەڕەشەی لێ کرابوو.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە سەپێندراوەکان، چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئایدا عەموویی لەبەر دەستدا نییە.