جوانڕۆ؛ دەستبەسەکردنی توندوتیژانەی حەوت هاووڵاتی لەوانە منداڵێک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە
هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٣ی بەفرانباری ٢٧٢٤
حەوت هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری جوانڕۆ لەوانە مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کران. ناوی دەستبەسەرکراوان ئومێد خاکی، سولەیمان نەقدی، یاسین مەحموودی، موختار باباجانی، یاسین ڕەمەزانی، کەیهان ئەڵڵا مورادی و منداڵێک بە ناوی محەممەد مەحموودی ئاشکرا بووە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی شەممە ٨ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (٢٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، محەممەد مەحموودی، تەمەن ١٧ ساڵ، یاسین ڕەمەزانی تەمەن ٢٩ ساڵ، یاسین مەحموودی تەمەن ٣١ ساڵ، ئومێد خاکی تەمەن ٣٤ ساڵ، سولەیمان نەقدی تەمەن ٣٥ ساڵ، موختار باباجانی و کەیهان ئەڵڵا مورادی تەمەنیان نەزیک بە ٣٥ ساڵ و هەموویان خێزاندارن لە گەڕەکی "پشت نەخۆشخانە"ی جوانڕۆ دەستبەسەر کراون.
بە گوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەستبەسەرکرانی ئەم چەند کەسە لە ڕەوتی هێرشی توندوتیژانەی هێزە ئەمنییەکان بووە و چەند کەسێکیان لە کاتی تێکهەڵچوون بریندار بوون.
ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند کە ئەم حەوت کەسە بە هۆی ئەوەی ئەوترێت "پەیوەندی لەگەڵ گرووپە توندڕەوە ئایینییەکان" دەستبەسەر کراون.
ئومێد خاکی، سولەیمان نەقدی، یاسین مەحموودی، موختار باباجانی، محەممەد مەحموودی، یاسین ڕەمەزانی و کەیهان ئەڵڵا مورادی دوای دەستبەسەرکران، بۆ دەستبەسەرگەی مەیان نەفتی کرماشان (دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات) گواستراونەتەوە و تا ئێستا لە مافی پەیوەندی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن بێبەش بوون.
هەوڵی بنەماڵەکان بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لە بارودۆخی ئەم هەفت کەسە لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوو بێ ئاکام ماوەتەوە و شێوازی دەستبەسەرکردن و لێدانی ناوبراوان بووەتە هۆی نیگەرانی لەسەر دۆخی تەندروستییان.