دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی کورد لە پیرانشار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە
هەنگاو؛ دووشەممە ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی موراد ئۆستوار و نیعمەت ئەحمەدنژاد، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلە بەیانی دووشەممە ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٠ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، نیعمەت ئەحمەدنژاد، تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی گوندی "لکبن" و موراد ئۆستوار، تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی "پەسوێ" سەر بە پیرانشار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کران.
دەستبەسەرکرانی هەر یەک لە موراد ئۆستوار و نیعمەت ئەحمەد نژاد، لە ماڵی خۆیان، لەگەڵ دروستکردنی ترس بۆ ئەندامانی بنەماڵەکانیان و بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری بووە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، تۆمەتە سەپێندراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.