مەهاباد؛ دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی عەبدولوەهاب پیرۆتی
هەنگاو؛ دووشەممە ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
عەبدولوەهاب پیرۆتی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی مەهاباد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و دوای تێپەڕینی پێنج ڕۆژ هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (١٦ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، عەبدولوەهاب پیرۆتی، تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی مەهاباد لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و دوای تێپەڕینی پێنج ڕۆژ هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، ئەم هاووڵاتییەیان لە دووکانی کۆتاڵفرۆشی خۆی بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کردووە و دەستیان بەسەر مۆبایلی ناوبراودا گرتووە.
شایانی باسە کە، سەرەڕای تێپەڕینی پێنج ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە و بەدواداچوونەکانی بەردەوامی بنەماڵەکەی، زانیارییەکی ورد لە سەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکان لەم بارەوە هیچ وەڵامێکیان نەداوەتەوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە سەپێندراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.