پیرانشار؛ دەستبەسەرکرانی فەردین مەحموودی لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێز
هەنگاو؛ دووشەممە ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
بە دەستبەسەرکردنی فەردین مەحموودی، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی و خەڵکی پیرانشار، ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ئەم شارە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لانی کەم گەیشتە سێ کەس.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٠ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، فەرەیدوون مەحموودی، چالاکی مەدەنی تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی پیرانشار لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.
هەنگاو زانیویەتی کە، دەستبەسەرکرانی ئەم چالاکە مەدەنییە، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر دووکانی شوێنی کارەکەی و لەگەڵ دروستکردنی ترس بووە. ئەو هێزانە دوای دەستبەسەرکردنی فەردین مەحموودی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و وێڕای پشکنینی ماڵەکەی دەستیان بە سەر کتێبەکانی ناوبراودا گرتووە.
هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی موراد ئۆستوار و نیعمەت ئەحمەدنژاد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کراون.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە سەپێندراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.