مەریوان؛ دەستبەسەرکرانی کارۆ عەلیداد لە لایەن هێزە ئەمنییەکان
٥ ڕێبەندان ٢٧٢٤، ١٦:١٢
هەنگاو؛ هەینی ٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
کارۆ عەلیداد لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی شاری مەریوان لە ڕۆژی چوارشەممە هاوکات لەگەڵ مانگرتنی بەرفراوانی هاووڵاتییان لە کوردستان بەمەبەستی شەرمەزارکردنی سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی دەستبەسەر کراوە و تا ئێستاش چارەنووسی نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٢ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، کارۆ عەلیداد، تەمەن ٢١ ساڵ لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر شوێنی کارەکەی، بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کراوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری ئەو هاووڵاتییەیان لە نزیکی شوێنی کارەکەی لە مۆڵی مەولەوی مەریوان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە.
سەرچاوە: Hengaw