پیرانشار؛ دەستبەسەرکرانی حەوت هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە
هەنگاو؛ سێشەممە ٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
حەوت هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەکانی پیرانشار و سەردەشت بەناوی فەردین مەحموودی، نیعمەت ئەحمەدنژاد، موراد ئەستوار، محەممەد سوهرابی، هیوا شۆجاعی، ئەنوەر ئیبراهیمی و جێگر موجاهیدی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون. لە نێوان ئەو هاووڵاتییانەدا هیوا شۆجاعی و محەممەد سوهرابی لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٠ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، جێگر موجاهیدی، تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی گوندی "ئاڵوەتان"ی سەر بە شاری سەردەشت و دانیشتووی پیرانشار، نیعمەت ئەحمەدنژاد، تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی گوندی "لکبن"، موراد ئوستوار، تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی گوندی "پەسوێ"، ئەنوەر ئیبراهیمی، تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی گوندی "کۆنە لاجان"، هیوا شۆجاعی تەمەن ٣٤ ساڵ، فەردین مەحموودی تەمەن ٣٠ ساڵ و محەممەد سوهرابی خەڵکی پیرانشار لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.
فەردین مەحموودی چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی و محەممەد شۆجاعی و محەممەد سوهرابی، لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لە شوێنی کارەکانیان دەستبەسەر کراون و ئەو هێزانە دواتر ماڵەکانیان پشکنیون. ئەو چوار هاووڵاتییەی دیکە لە ماڵەکانیاندا دەستبەسەر کراون.
محەممەد سوهرابی و هیوا شۆجاعی پێشتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەر یەک سزای ١٦ مانگ بەندکران و یەک ساڵ دوورخستنەوەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
شایانی باسە کە، بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییانە بەمەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووس و بارودۆخیان تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.