پیرانشار؛ دەستبەسەرکرانی محەممەد سوهرابی و بەرزبوونەوەی ژمارەی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو بۆ چوار کەس
هەنگاو؛ دووشەممە ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
بە ئاشکرابوونی ناسنامەی هاووڵاتییەکی دەستبەسەرکراوی دیکە لە پیرانشار بەناوی محەممەد سوهرابی، ژمارەی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراوی ئەمڕۆ لەو شارە گەیشتە چوار کەس. هەنگاو پێشتر هەواڵی دەستبەسەرکرانی سێ هاووڵاتیی دیکەی بە ناوەکانی فەردین مەحموودی، نیعمەت ئەحمەدنژاد و موراد ئوستوار لە پیرانشار ڕاگەیاندبوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٠ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کاری (دووکانی کابینێت سازی) محەممەد سوهرابی، تەمەن ٣١ ساڵ و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" و دەستبەسەریان کردووە. ناوبراو لە ڕەوتی ئەو بزووتنەوەیەدا دەستبەسەر کرابوو و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ١٦ مانگ بەندکران و یەک ساڵ دوورخستنەوەی بەسەردا سەپێندراوبوو.
هەروەها هاوکات هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کاری فەردین مەحموودی تەمەن ٣٠ ساڵ و لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی و دەستبەسەریان کردووە.
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دوای دەستبەسەرکرانی ئەو دوو هاووڵاتییە ماڵەکانیان پشکنیون و دەستیان بەسەر هەندێک لە کەلوپەلە تایبەتییەکانیاندا گرتووە.
کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی نیعمەت ئەحمەدنژاد تەمەن ٣٧ ساڵ و موراد ئوستوار تەمەن ٤٥ ساڵ و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەریان کردوون.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە کە هەر چواریان خێزاندارن و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.