بانگەوازی مانگرتنی گشتی دژ بە سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی
سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، دوو بەندکراوی سیاسیی کورد، لەگەڵ پڕۆپاگەندەی بەرفراوانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژ بە بەندکراوانی سیاسیی کورد، نامرۆڤانە و جێی نیگەرانییە.
بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕینێک دژ بەو سزایە، شەش حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیەندراوەیەکیان بۆ مانگرتنی گشتی بەمەبەستی پێشگرتن بە جێبەجێکردنی ئەو سزا نامرۆڤانە بڵاو کردۆتەوە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای پاڵپشتی لەو چالاکییە مەدەنییە داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات کە بە بەشداریی خۆیان لەو مانگرتنەدا، دەنگی ناڕەزایەتییان سەبارەت بەو سزای نادادپەروەرانەی که بەسەر پەخشان و وریشەدا سەپێندراوە بەرز بکەنەوە.
ئەو مانگرتنە تەنیا ناڕەزایەتی بەمەبەستی ڕاگرتنی سزای سێدارەی دوو ژنی کورد نییە؛ بەڵکوو هەنگاوێک لە ڕێگای بەرەنگاربوونەوە لە بەرانبەر شەپۆلی لەسێدارەدرانەکان لە تەواوی ئێراندایە. ئەگەر کوردستان لەو خەباتەدا بە تەنیا نەمێنێتەوە، دەکرێ ڕێگایەک بۆ ڕاگرتنی تسونامیی مەرگ بکرێتەوە.
چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤، ڕۆژی مانگرتنی گشتی، دەرفەتێک بۆ بەرەنگاربوونەوە لە بەرانبەر سزای سێدارە و ڕزگاریی گیانی پەخشان و وریشەیە.
هەنگاو داوا لە کۆمەڵگای مەدەنیی ئێران و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەکات کە بێجگە لە ڕەنگدانەوەیەک سەبارەت بەو بانگەوازە، ڕێوشوێنێک بەمەبەستی ڕاگرتنی سزای سێدارەی ئەو دوو ژنە کوردە لەپێش بگرن. ئێستا کاتی ئەنجامدانی کردەوەیەکی دەستبەجێ و کاریگەرە.
بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی هەنگاو، تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٤ی زایینیدا زیاتر لە ٩٠٠ بەندکراو لە ئێران لەسێدارە دراون کە ١٨٣ کەسیان لە بەندکراوانی کورد بوون؛ هەروەها ٣٠ کەس لە نێوان لەسێدارەدراواندا لە بەندکراوانی ژن بوون، ئاماری ژنانی لەسێدارەدراو لە ئێران، بەتایبەتی لە نێوان کەمینە نەتەوەیی/ئیتنیکییەکان سەلمێنەری قەیرانێکی جددییە.
لەسێدارەدان ڕابگرن!
دەنگی ناڕەزایەتییەکانتان بەرزتر بکەنەوە!
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو