مەریوان؛ بانگکران و دەستبەسەرکردنی ڕامیار کاوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

هەنگاو؛ دووشەممە ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
هاووڵاتییەکی کورد و خەڵکی مەریوان بە ناوی ڕامیار کاوە، دوای بانگکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٠ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، ڕامیار کاوە، تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی گوندی "نێ"ی سەر بە مەریوان دوای بانگکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان ئەم هاووڵاتییەیان بە بێ ناردنی بەرگەی دادوەری دەستبەسەر کردووە و لە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە جارێک لەوێ دەبێت.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە سەپێندراوەکان و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.