سنە؛ دەستبەسەرکرانی بنیامین ڕەحیم پوور لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە
هەنگاو؛ سێشەممە ٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
بنیامین ڕەحیم پوور، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای ئەم شارە گواسترایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤، بنیامین ڕەحیم پوور تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی گوندی "ئەوێهەنگ" و دانیشتووی سنە لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر شوێنی کارەکەی بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپای سنە گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوازدە کەس لە هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا دوای دەستبەسەرکردنی بنیامین ڕەحیم پوور هەوڵی پشکنینی ماڵەکەیان داوە و دەستیان بەسەر کامێرای دووکانەکەی گرتووە و بە دروستکردنی کەشێکی تۆقێنەر و بێڕێزیکردن بە ئەندامانی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە چەکیان لێ کێشاون.
شایانی باسە کە، ئەم هاووڵاتییە پێشتر لە ڕێکەوتی ١٤ی گوڵانی ٢٧٢٠ (٣ی مەی ٢٠٢٠) لەگەڵ براکەی، بە ناوی تارق ڕەحیم پوور لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ماڵی بنەماڵەییان بە تۆمەتی "هاوکاریکردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت" دەستبەسەر کرابوون.
بە گوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بەمەبەستی ئاگاداربوون لە چارەنووس و بارودۆخی ناوبراو تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە سەپێندراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.