ئورمیە؛ دەستبەسەرکرانی کەیوان ڕەشۆزادە، بەندکراوی سیاسیی پێشوو لە لایەن هێزە ئەمنییەکان

١٤ بەفرانبار ٢٧٢٤، ١٣:٠٩

هەنگاو؛ هەینی ١٤ی بەفرانباری ٢٧٢٤

کەیوان ڕەشۆزادە، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد و خەڵکی ئورمیە، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە سەربازی_ئەمنییە گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (٢١ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، کەیوان ڕەشۆزادە، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی ئورمیە لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی دەستبەسەر کرا.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی ڕابردوو بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی کورتماوە هەواڵی گواستنەوەی خۆی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارەی ڕاگەیاندووە. ناوبراو ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی دەستبەسەربوونی لەو دەستبەسەرگە ئەمنییەدا بەسەختی ئەشکەنجە دراوە و شوێنی ئەو ئەشکەنجانە لەسەر جەستەی دیارە. سەرەڕای ئەوەش بەرپرسانی بەندیخانە لە گواستنەوەی بۆ بێهداریی بەندیخانە ڕێگرییان کردووە.

کەیوان ڕەشۆزادە پێشتر، شەممە ١٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، لەگەڵ هاودۆسیەییەکەی، کامران قاسمی، لەدوای تێپەڕکردنی ٥ ساڵ بەندکران لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کرابوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەندکراوە سیاسییە دوای ئازادبوونی چەندین جار لە لایەن ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای ئورمیەوە بانگ کراوە و لە لایەن لێپرسانی ئەو ناوەندە ئەمنییەوە بەمەبەستی هاوکاری لەژێر گوشار و تەنانەت لێدان داندراوە و دوای ڕەتکردنەوەی ئەو داوایە هەڕەشەی لێکراوە کە «مافی ژیان لە ئێرانی نییە و دەبێت لە زووترین کاتدا ئێران بەجێ بهێڵێت.»

کەیوان ڕەشۆزادە، لە ڕێکەوتی ٨ی بانەمەڕی ئەمساڵ بۆ ماوەیەک مانی لە خواردن گرتبوو و بەو هۆیەوە لە لایەن گاردی بەندیخانەوە لێی درابوو و بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابۆوە.

ئەشکەنجەکردنی کەیوان ڕەشۆزادە لە لایەن گاردی بەندیخانەوە لە ئاستێکدا بوو کە دایکی ئەو بەندکراوە سیاسییە بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی داوای ڕاگەیشتن بە بارودۆخی کوڕەکەی کردبوو.

کەیوان ڕەشۆزادە، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٢، بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت ڕەتکردنەوەی داوای گواستنەوەی بۆ مەرەخەسی لە لایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە بە دوورینەوەی لێوی خۆی مانی لە خواردن گرتبوو.

کەیوان ڕەشۆزادە لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ٢٧١٩ (٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩)، لەگەڵ چوار هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی ئومێد سەعیدی، کامران قاسمی، عەبدولعەزیز محەممەدپوور و نایب حاجیپوور لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە ئورمیە دەستبەسەر کرابوون و بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە گواسترابوونەوە.

دانیشتنی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەو پێنج هاووڵاتییە مانگی سەرماوەزی ساڵی ٢٧٢٠ لە لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شێخلوو" بەڕێوە چوو و ئەو پێنج هاووڵاتییە بە تۆمەتی کردەوەی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی لە ڕێگای "ئەندامبوون لە حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران" هەر یەک سزای ١٠ ساڵ و ١ ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.

ئەو سزایانە دواتر بە جێبەجێکرانی ماددەی ٤٤٢ی ئایینی دادگاییکردنی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە