ئورمیە؛ شەهرام حاتەمی، چالاکی مەدەنی کورد بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا

هەنگاو؛ یەکشەممە ٩ی خەرمانانی ٢٧٢٥
شەهرام حاتەمی، لە چالاکانی مەدەنی کورد و خەڵکی شاری ئورمیە بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای شەش مانگ بەندکران، دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواسترایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٨ی خەرمانانی ٢٧٢٥ (٣٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٥)، شەهرام حاتەمی، چالاکی مەدەنی خەڵکی ئورمیە بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواسترایەوە.
شەهرام حاتەمی ٢٩ی بانەمەڕێ ئەمساڵ، لە لایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە ٢ ساڵ بەندکران، ٢ ساڵ بێبەش بوون لە چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەستبەسەرداگرتنی تەلەفۆنی ناوبراو وەک کەرەسەتەی تاوان سزا درا. ئەم سزا دواتر لە لایەن دادگای پێداچوونەوە بۆ ٦ مانگ و یەک ڕۆژ کەم کرایەوە.
ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییە « پڕۆپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، بڵاو کردنەوە و پڕوپاگەندە بۆ بێ حجابی، هاوکاری لەگەڵ میدیاکانی ناڕەزایی و سووکایەتی کردن بە نەتەوەکان» ڕاگەیەندراوە.
ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٢٩ی سپتامبری ٢٠٢٤)، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی ئیران بۆ ماڵەکەی، دەستبەسەر کرا و دەست بەسەر کەرەستە شەخییەکانی ناوبراو وەک موبایل و لەپ تاپ داگیرا.
شەهرام حاتەمی پاش تێپەڕاندنی سێ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٨٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی دادوەریی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورومیە ئازاد کرا.