بەردەوامیی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد، دەستبەسەرکرانی چوار هاووڵاتی لە شارەکانی سەردەشت و پیرانشار
هەنگاو؛ سێشەممە ٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
سێ هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سەردەشت کە دوو کەسیان ئەندامی یەک بنەماڵە و باوک و کوڕن بە ناوەکانی حەسەن حەسەن نژاد، محەممەدئەمین حەسەن نژاد ناسراو بە مینە و ڕەحیم عەلیزادە و کەیوان ئەساسە، خەڵکی پیرانشار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کران.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢١ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، ڕەحیم عەلیزادە، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی گوندی "کوربناو" و دانیشتووی سەردەشت، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە کە کاری تراشکاری دەکات؛ دوای دەستبەسەرکردنی لە شوێنی کارەکەی بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئیتلاعات گواستراوەتەوە.
هاوکات، محەممەدئەمین حەسەن نژاد تەمەن ٣١ ساڵ ناسراو بە مینە خەڵکی گوندی "سیسەر"ی سەر بە ناوچەی ڕەبەت لە دووکانەکەی خۆی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کراوە. ئەم هێزانە دواتر هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی خوشکی محەممەدئەمین و باوکی ناوبراویان بە ناوی حەسەن حەسەن نژاد و تەمەن ٥٥ ساڵ دەستبەسەر کردووە.
هەنگاو زانیویەتی کە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ماڵی حەسەن حەسەن نژادیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر زۆربەی لە کەلوپەلەکانیان گرتووە.
پێش لەوە لە ڕۆژی ١ی ڕێبەندان، کەیوان ئەساسە، لاوی خەڵکی پیرانشار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارە دەستبەسەر کراوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە سەپێندراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.