سەقز؛ دەستبەسەرکرانی ئەمجەد ساڵح زادە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە
هەنگاو؛ چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
ئەمجەد ساڵح زادە، هاووڵاتی کورد و خەڵکی شاری سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢١ی جەنیوەری ٢٠٢٥)، ئەمجەد ساڵح زادە هاووڵاتی تەمەن ٣٨ ساڵە و خەڵکی شاری سەقز لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شوێنی کاری خۆی بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، ئەم هاووڵاتییەیان لە دوکانی مۆبایل فرۆشی خۆیدا بەبێ هەبوونی هیچ بەرگەیەکی دادوەری و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کراوە.
ئەم هاووڵاتییە پێشتر لە کۆتایییەکانی خاکەلێوەی ئەمساڵ، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سەقز بە دادوەری جەواد مستەفایی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران" بە سێ مانگ بەندکران سزا دراوە.
جێگای ئاماژەیە کە، ئەمجەد ساڵح زادە لە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ دوای بانگکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز دەستبەسەر و دوای یەک ڕۆژ بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتایی هاتنی دادگایەکەی ئازاد کرابوو.
تاکوو داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەر کران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەست نییە.