سنە؛ دەستبەسەرکردنی چوار کەس لە کاسبکارانی کورد بە هۆی بەشداریکردن لە مانگرتنەکانی کوردستان
هەنگاو؛ چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
چوار هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سنە بە ناوەکانی محەممەد سەیف پەناهی، سینا ڕەزایی، محەممەد ئەتڵەسی و ئومێد محەممەدی بە هۆی بەشداریکردنی لە مانگرتنەکانی ڕۆژی ٣ی ڕێبەندانی شارە جیاوازەکانی کوردستان لە ناڕەزایەتی دەربڕین بە سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٢ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، محەممەد سەیف پەناهی و سینا ڕەزایی لە پێڵاوفرۆشانی سنە لە بەرامبەر دووکانەکانی خۆیان و محەممەد ئەتڵەسی و ئومێد محەممەدی تەمەن ٣٣ ساڵ لە بازاڕیانی ئەم شارە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییانە بەشداریکردن لەمانگرتنە بەرفراوانەکانی بازاڕیانی سنە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەرچوونی سزا و پشتڕاستکردنەوەی سزای سێدارەی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی و بە بەکارهێنانی توندوتیژی و لێدان بووە.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییانە بە مەبەستی ئاگاداربوون لە چارەنووس و بارودۆخی ناوبراوان تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە سەپێندراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم چوار هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.