سنە؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکرانی کاسبکارانی کورد بە هۆی بەشداریکردن لە مانگرتنەکانی کوردستان، ژمارەیان گەیشتە شەش کەس

٤ ڕێبەندان ٢٧٢٤، ١٢:٥٣

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤

ئەمجەد گەرماخیزی و نەعیم دووستی، دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سنە، لە چالاکانی کرێکاری و لە ئەندامانی کەمپینی دژی سێدارە، بە هۆی بەشداریکردن لە مانگرتنەکانی ڕۆژی ٣ی ڕێبەندانی شارە جیاوازەکانی کوردستان لە ناڕەزایەتی دەربڕین بە سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٢ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، ئەمجەد گەرماخیزی و نەعیم دووستی لە چالاکانی کرێکاری و هەروەها لە ئەندامانی کەمپینی دژی سێدارە، کە هەردووکیان خەڵکی سنەن، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارە و بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان ئەم دوو هاووڵاتییەیان کە لە کارگەی شیرینیپەزی کار دەکەن، بە هۆی بەشداریکردن لە مانگرتنە بەرفراوانەکانی بازاڕیانی سنە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەرچوون و پشتڕاستکردنەوەی سزای سێدارەی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی دەستبەسەر کردووە.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە چوار هاووڵاتیی دیکە لەم شارە بە ناوەکانی محەممەد سەیف پەناهی و سینا ڕەزایی لە پێڵاو فرۆشانی سنە بەرامبەر دووکانەکانی خۆیان و محەممەد ئەتڵەسی و ئومێد محەممەدی تەمەن ٣٣ ساڵ لە بازاڕیانی ئەم شارە، بە هۆی بەشداریکردن لە مانگرتنەکانی ڕۆژی ٣ی ڕێبەندانی شارە جیاوازەکانی کوردستان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستەبسەر کراون.

تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە سەپێندراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم شەش هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە