ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەراک
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی کەنگەڤەر بەناوی عەباس محەممەدی، کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەراک جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (١٩ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی عەباس محەممەدی، تەمەن ٤٩ ساڵ و خەڵکی شاری کەنگەڤەر سەر بە پارێزگای کرماشان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەراک، ناوەندی پارێزگای مەرکەزی جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەندکراوە ساڵی ٢٧٢٠ بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوە کوردە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.