بەردەوامیی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی کاسبکارانی کورد بە هۆی بەشداریکردن لە مانگرتنەکانی کوردستان، دەستبەسەرکرانی جەلیل محەممەدی لە سنە
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
لە درێژەی شەپۆلی بەرفراوانی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد، بە هۆی بەشداریکردن لە مانگرتنەکانی ڕۆژی ٣ی ڕێبەندان لە شارە جیاوازەکانی کوردستان، لە ناڕەزایەتی دەربڕین بە سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی جەلیل محەممەدی، چالاکی کرێکاری و خەڵکی سنە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٣ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، جەلیل محەممەدی، لە چالاکانی کرێکاریی خەڵکی سنە، بە هێرشکردنی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، بۆ سەر ماڵەکەی، بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، بە چوونە ناو بۆ ماڵی جەلیل محەممەدی کە لە گەڕەکی بەهارانی سنەیە ناوبراویان بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری و بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کردووە.
شایانی باسە کە، جەلیل محەممەدی پێشتر بە هۆی چالاکییە پیشەیییەکانی خۆی، دەستبەسەر کراوە.
هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە شەش هاووڵاتیی دیکە لەم شارە بە ناوەکانی محەممەد سەیف پەناهی و سینا ڕەزایی لە پێڵاو فرۆشانی سنە، لە بەرامبەر دووکانەکانیان و محەممەد ئەتڵەسی و ئومێد محەممەدی تەمەن ٣٣ ساڵ لە بازاڕیانی ئەم شارە، ئەمجەد گەرماخیزی و نەعیم دووستی لە چالاکانی کرێکاری و لە ئەندامانی کەمپینی دژی سێدارە، کە هەردووکیان خەڵکی سنەن، بە هۆی بەشداریکردن لە مانگرتنەکانی ڕۆژی ٣ی ڕێبەندانی شارە جیاوازەکانی کوردستان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کرابوون.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە سەپێندراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردانە لەبەر دەستدا نییە.