سەقز؛ ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی بەهۆی پاڵپشتی لە پەخشان عەزیزی بە پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت تۆمەتبار کرا
هەنگاو؛ هەینی ٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی، کە لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە تاران کوژرا و بووە هۆی دەستیپێکی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی"، لەم دواییانەدا لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە چەند جار بانگ کراوە و بە "پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت" تۆمەتبار کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا ئەمجەد ئەمینی، تەمەن ٥٤ ساڵ و باوکی دادخوازی ژینا ئەمینی، لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری سەقز بە "پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت" تۆمەتبار کراوە. ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئەو دۆسیە بەهۆی بڵاوکردنەوەی ستۆرییەکی ئینستاگرامی لەسەر سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی کورد، کراوەتەوە.
ئەمجەد ئەمینی بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە ٢٩ی بەفرانبار بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی ناڕاستییەکان" بانگ کراوەتە لقی یەکی لێپرسینەوەی دادگای سەقز. بەڵام ئێستا بە "پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت" تۆمەتبار کراوە، تۆمەتێک کە لەو ڕاگەیەندراوەی بۆی نێردراوە هیچ باسێکی لێ نەکراوە.
ئەمجەد ئەمینی وێڕای ئاماژەکردن بە ناڕوونییەکانی ئەو دۆسیە نووسیویەتی "بە خۆمم کوت ئەوەی دەبێ با ببێ، ئەگەر نەشچم لە لێدانی باتۆم لە ئاسایشدام و هەر وەک لەو ٥٤ ساڵەی تەمەنمدا نەخۆشییەکی درێژخایەنم نەبووە، بیانوویەک بۆ کوژرانم بوونی نییە، هەرچەند کە بە لەدەستدانی ژینا ژیانی من و هاوژینەکەم مەرگێکی ڕۆژانەیە."
ناوبراو هەروەها نووسیویەتی "لە وتاری لێپرس و دەقی ڕاگەیەندراوەکەدا تەنیا تۆمەتی بڵاوکردنەوەی ناڕاستییەکان بە من ڕاگەیەندراوە، ئەگەر لێپرسیش نەیدەکوت ئاشکرا بوو کە سکاڵاکەر هەمان ئیدارەیە کە ساڵح عەتایی مامۆستای قوتابخانەی کۆچکردووی کوردستانی لە ڕوانگەی خۆیەوە بە فەرمانگەی بێ تابلۆ (کە مەبەست هەمان ئیدارەی ئیتلاعاتە) ناوی دەهێنا."
شایانی باسە کە ئەمجەد ئەمینی ٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢٣، هاوکات لەگەڵ ئەوەڵین ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو.