سنە؛ کامران ساختمانگەر، بەندکراوی سیاسی پێشوو دەستبەسەر کرا

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
کامران ساختمانگەر، چالاکی کرێکاری و بەندکراوی سیاسی پێشووی کورد جارێکی دیکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری سنە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٤ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، کامران ساختمانگەر، چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری سنە دەستبەسەر کرا.
ئەو هاووڵاتییە لە شەقامی جامیی شاری سنە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.
کامران ساختمانگەر، ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٢، لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو لە ئاکامدا، ڕۆژی شەممە ٦ی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو، پاش ١٤٩ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.
کامران ساختمانگەر، پێشتر لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سنە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران" سزای ٣ مانگ بەندکران و پێبژاردنی پارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
سزای بەندکرانی ئەو چالاکە کرێکارییە دواتر بۆ پێبژاردنی پارە گۆڕدرا و ناوبراو سەرجەم سزای پێبژاردنی ٣٤ ملیۆن تمەنی بەسەردا سەپێندرا.
ناوبراو هەروەها پێشتر بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە کۆمەڵە" و "پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت" سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە ئەو سزایە بۆ ٢٨ مانگ بەندکران کەم کرایەوە و لە ئاکامدا لە ڕێکەوتی ١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.