ئاودانان؛ پشتڕاستکردنەوەی سزای دوازدە ساڵ بەندکران و دوورخستنەوەی وەحید چاوەران لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی"
![](/content/upload/1/root/vahid-chawran.png)
هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
سزای دوازدە ساڵ بەندکران و دوورخستنەوەی وەحید چاوەران، بەندکراوی سیاسی کوردی خەڵکی ئاودانان و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتڕاست کرایەوە. ئەو سزایە لە بەندیخانەی زاهیدان و بێ ئەگەری هەرچەشنە پەیوەندیگرتنێک بۆ ئەو هاووڵاتییە جێبەجێ دەکرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سزای دوازدە ساڵ بەندکران لە بەندیخانەی زاهیدان و بێ مافی پەیوەندی گرتنی وەحید چاوەران، شاخەوان، چالاکی مەدەنی و ڕاهێنەری پاراگلایدێری خەڵکی شاری سەراوباغی سەر بە ئاودانان پشتڕاست کرایەوە.
ئەو سزا ڕۆژی دووشەممە ١٨ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو (٨ی جەنیوەریی ٢٠٢٤) لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی شاری ئیلام بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەجەب محەممەدی" بە تۆمەتی "بەشداری لە موحارەبە لە ڕێگای کێشانی چەکی گەرم و سووکی ئۆتۆماتیک"، "تێکدانی ئاسایشی گشتی" و "سووکایەتی بە خامنەیی" بەسەر ئەو هاووڵاتییەدا سەپێندرابوو و ئێستا جارێکی دیکە لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتڕاست کراوەتەوە. ناوبراو ئەو سزایە بەبێ ئەگەری هیچ چەشنە پەیوەندی گرتنێک تێپەڕ دەکات.
شایانی باسە کە، ئەو هاووڵاتییە دووشەممە ٢٥ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (١٥ی جەنیوەریی ٢٠٢٤) دوای سەپاندنی سزای دوازدە ساڵ بەندکران و دوورخستنەوەی بۆ زاهیدان لە ڕێگای خواردنی قورسەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام هەوڵی خۆکوشتنی دابوو.
ئەو هاووڵاتییە ماوەیەک دوای بانگکران بۆ لقی یەکی لێپرسینەوەی دادگای گشتی و شۆڕشی دێلوڕان، لە ڕێکەوتی ٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ لە کاتی ڕۆشتنە دەرەوە لە ئێران لە یەکێک لە ناوچە سنوورییەکانی ئیلام و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.
ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجەدا بووە و ١٢ی خەرمانانی هەمان ساڵ لە دەستبەسەرگە هاوکات لەگەڵ مانگرتنی لە خواردن بە نیشانەی ناڕەزایەتی لێوی خۆی دووریبۆوە.
وەحید چاوەران لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لە ترسی دەستبەسەرکرانی لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە چەندین مانگی لە چیاکانی دەوروبەری ئاودانان تێپەڕ کردبوو و لەو ماوەدا هێزە ئەمنییەکان چەند جار هەوڵی دەستبەسەرکرانیان دابوو.