ئیلام؛ دۆسیەسازیی دووبارەی دەزگاى دادوەری و تۆمەتبارکردنی بابەک کەریمی بە ئەنجامدانی کردەوە دژی ئاسایشی نیشتمانی

٦ ڕەشەمە ٢٧٢٥، ١٧:٣٣

هەنگاو؛ چوارشەممە ٦ی ڕەشەممەی ۲۷۲۵

بابەک کریمی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری ئەیوان و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، لە ڕەوتی دۆسیەسازیی نوێ لە لایەن دەزگاى دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەگەڵ چەند تۆمەتی قورس ڕووبەڕوو بووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بابەک کریمی، هاووڵاتیی تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی ئەیوان سەر بە پارێزگای ئیلام و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لە لایەن خانەی دادی گشتی و شۆڕشی ئەو شارە تۆمەتی «هاندانی خەڵک بۆ شەڕ و کوشتاری یەکتر بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی»، «پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت»، «بڵاوکردنەوەی ناڕاستییەکان» و «کۆبوونەوەی نایاسایی» دراوەتە پاڵ.

ئەو هاووڵاتییە ٤ی ڕەشەممەی ۲۷۲۵ (٢٣ی فێبریوەریی ٢٠٢٦)، لە ڕێگای ڕاگەیەندراوەیەکدا بۆ لقی یەکی خانەی دادی گشتی و شۆڕشی ئەیوان بانگ کرابوو و پێویست بوو لە ماوەی پێنج ڕۆژ دوای ئەو ڕێکەوتە لەو شوێنەدا ئامادە بێت.

بابەک کریمی پێشتر لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیلام بە تۆمەتی «پێکهێنانی باند و گرووپ بە مەبەستی ئەنجامی تاوان دژ بە ئاسایشی وڵات» سزای پێنج ساڵ بەندکران، بە تۆمەتی «سووکایەتی بە خامنەیی» دوو ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی «سووکایەتی بە خومەینی» سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو. ئەو سزایە لە لایەن لقی دووی دادگای پێداچوونەوەی ئیلام لە ٩ ساڵەوە بۆ چوار ساڵ و نۆ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران کەم کرایەوە.

ئەو هاووڵاتییە ٣٠ی خەرمانانی ۲۷۲۲ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و چەند مانگ لە دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و دۆسیەسازی، لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی و شانۆی لەسێدارەدان داندرابوو کە لە ئەنجامی ئەو ئەشکەنجانەدا، جومگەی لاقی شکا و لە لاقی ڕاستیدا بە سەختی تووشی سووتان هاتبوو.

بابەک کریمی لە ئاکامدا ١٧ی ڕێبەندانی ۲۷۲۲ دوای سێ مانگ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ٢ ملیار تمەنی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام ئازاد کرا.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە