ئیلام؛ ساسان چەمەنئارا، هونەرمەندی کورد جارێکی دیکە دەستبەسەر کرا

٢٥ پووشپەڕ ٢٧٢٥، ٢٠:٠٦

هەنگاو: چوارشەممە ۲۵ی پووشپەڕی ٢٧٢۵

ساسان چەمەنئارا، هونەرمەندی کوردی خەڵکی شاری ئیلام و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی جارێکی دیکە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. ناوبراو لەم دواییانەدا دۆسیەیەکی نوێی بۆ کرابۆوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ۲۵ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۱۶ی جولای ۲۰۲۵)، ساسان چەمەنئارا، هونەرمەندی خەڵکی شاری ئیلام لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا لەو شارەدا دەستبەسەر کرا.

جەواد چەمەنئارا، برای ئەو هاووڵاتییە لە لاپەڕەی ئێکسی خۆیدا نووسیویەتی: "ساسان پێرێ ڕاگەیەندراوەیەکی لە لقی لێپرسینەوەی ئیلام وەرگرتووە کە لەوێدا بە دەستڕاگەیشتنی نایاسایی بە دەیتاکان و سیستەمە کۆمپیوتەری و زانیاری‌نێرەکان تۆمەتبار کراوە."

ساسان چەمەنئارا بە مەبەستی بەرگری لە خۆی پارێزەرێکی هەڵبژاردبوو و ئەمڕۆ کاتێک بە ویستی دیتنی ئەو پارێزەرە لە ماڵەکەی هاتۆتە دەرەوە لە لایەن ۹ کەسەوە دەستبەسەر کراوە.

ساسان چەمەنئارا مانگی ڕەشەممەی ۲۷۲۳، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیلام بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندەی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران" سزای سێ مانگ بەندکران بە هەژمارهێنانی ڕۆژانی ڕابردووی دەستبەسەرکرانی و پێبژاردنی بڕی پارەی ۲۰ ملیۆن تمەنی بەسەردا سەپێندرابوو.

شایەنی باسە کە، ساسان چەمەنئارا ڕۆژی چوارشەممە ۲۷ی سەرماوەزی ۲۷۲۳، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵەکەیدا بۆ دووەمین جار دەستبەسەر و هەندێک دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.

ساسان چەمەنئارا لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و لە ڕێکەوتی ۱۵ی ڕەزبەری ۲۷۲۲ لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن لقی ٢٩ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەید عەلی مەزڵووم" سزای ۵ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە