سەقز؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی فایەق ڕەشیدیان و فەرزاد نووری

١٣ ڕێبەندان ٢٧٢٤، ٢٣:٤٢

هەنگاو؛ شەممە ١٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤

فایەق ڕەشیدیان و فەرزاد (فەردین) نووری، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سەقز، زیاتر لە یەک مانگە کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و تا ئێستاش زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، فایەق ڕەشیدیان و فەرزاد نووری، دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "خوردەلووکی" سەر بە شاری سەقز ماوەی ٣٧ ڕۆژی ڕابردوویان بە دەستبەسەرکراوی تێپەڕ کردووە و هیچ هەواڵێک لەسەر ئەو دوو بەندکراوە لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لەو ماوەی دەستبەسەربوونی ئەو هاووڵاتییانەدا، بنەماڵە و کەسوکارییان هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان بە دەست نەهێناوە.

هەروەها ئەو بنەماڵانە سەبارەت بە بەدواداچوون و میدیایی کردنەوەی هەواڵی دەستبەسەرکرانی منداڵەکانیان لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە هەڕەشەیان لێکراوە.

فایەق ڕەشیدیان و فەرزاد نووری، ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (٢٦ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری بانە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ فایەق ڕەشیدیان و فەرزاد نووری لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە