بەردەەوامیی دەستبەسەرکرانی هیوا ئەمینی، بەهمەن فەیزی و ڕەحمان ڕەحیم پوور لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سوپا لە سنە
![](/content/upload/1/root/saqiz-33.jpg)
هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
ڕەحمان ڕەحیم پوور، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد و هیوا ئەمینی و بەهمەن فەیزی، هاووڵاتییانی خەڵکی سەقز لە چوارشەممەی حەوتەی ڕابردوو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و هەروا لە دەستبەسەرگەدان. ناوبراوان دوای دەستبەسەرکران بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای سنە، ناسراو بە قەرارگای "شەهرامفەر" گواستراونەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕەحمان ڕەحیم پوور، تەمەن ٣٧ ساڵ، هیوا ئەمینی و بەهمەن فەیزی، خەڵکی سەقز بە تێپەڕینی ٨ ڕۆژ چارەنووسیان نادیارە و لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپا لە سنە ڕاگیراون.
ئەم سێ هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٩ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری سەقز دەستبەسەر کران.
لەم نێوانەدا، ڕەحمان ڕەحیم پوور پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ دەستبەسەر و دواتر بە تۆمەتی "تەبلیغ بۆ حیزبی ژیانەوەی ئازادی کوردستان (پژاک) " سزای ١٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
ڕەحمان ڕەحیم پوور ڕۆژی شەممە ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢١، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ١٠ مانگ بەندکرانەکەی، دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز گواسترایەوە. ناوبراو بە کۆتاییهاتنی سزاکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.