سنە؛ دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی قانع خاتری، چالاکی مەدەنیی کورد
![](/content/upload/1/root/qane-khateri.jpg)
هەنگاو؛ شەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
قانع خاتری، چالاکی مەدەنیی کورد و خەڵکی سنە سێ ڕۆژ پێش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٦ی فێبریوەری ٢٠٢٥)، قانع خاتری، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
شایانی باسە کە، ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بەفرانباری ٢٧٢٤ بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بانگ و دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کرابوو.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرەڕای تێپەڕینی سێ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکردنی قانع خاتری بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بە مەبەستی ئاگاداربوون لە چارەنووس و بارودۆخی ناوبراو تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە.
قانع خاتری پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧٢١ لەگەڵ ٦ چالاکی دیکە و لە ئەندامانی کەمپینی خێرخوازی» ژیانەوە کوردستان «لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و ٦ جۆزەردان دوای تێپەڕینی ٤٠ ڕۆژ دەستبەسەکران بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتیی تا کاتی کۆتاییهاتنی دادگاییەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.
ئەم ٧ چالاکە مەدەنییە لە بانەمەڕی ساڵی ٢٧٢٢ لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران" هەر یەک سزای ٢ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرابوو کە سزای قانع خاتری دوای ملکەچبوون بە ڕای دادگا بۆ ١٨ مانگ سزای بەندکران کەم کرایەوە و ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢١ بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزاکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترابوویەوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە سەپێندراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.