ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان

٢٠ ڕێبەندان ٢٧٢٤، ١٥:١٨

هەنگاو؛ شەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤

حەوتووی ڕابردوو سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد و خەڵکی کرماشان بە ناوەکانی مەهدی ئەحمەدی و سەعید غوڵامی کە پێشتە بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە جێبەجێ کراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٥ی فێبریوەری ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی مەهدی ئەحمەدی تەمەن ٣٣ ساڵ و سەعید غوڵامی تەمەن ٢٧ ساڵ کە هەردووکیان سەڵتن و خەڵکی کرماشانن لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە (بەندیخانەی دیزڵاوا) جێبەجێ کراوە.

هەنگاو زانیویەتی کە ئەم دوو بەندکراوە ڕۆژی دووشەممەی حەوتەی ڕابردوو لە بەندی ٧ی ڕاوێژی بەندیخانەی دیزڵاوا بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارە بۆ ژووری تاکەکەسیی ئەم بەندیخانەیە گواسترابوونەوە.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو بەندکراوە ٣ ساڵ پێش و لە دوو دۆسیەی جیادا بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم دوو بەندکراوە لە میدیا حکوومەتییەکان بە تایبەت میدیاکانی نزیک بە دەزگای دادوەری ڕانەگەیێندراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە