قوروە؛ دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی مەهدی کاکەیی
![](/content/upload/1/detention/bazdasht19.jpg)
هەنگاو؛ شەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
مەهدی کاکەیی، هاووڵاتی کورد و خەڵکی شاری قوروە چەند ڕۆژ لەمەوپێش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مەهدی کاکەیی، کاسب و خەڵکی شاری قوروە، ناوەڕاستی مانگی ڕێبەندانی ٢٧٢٤، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارە دەستبەسەر کرا و بۆ شاری تاران گواسترایەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مەهدی کاکەیی لە شەقامی «چەمران» ی شاری قوروە لە ناو دوکانی خۆی فرۆشتنی کەلوپەلی ناو ماڵ، دەستبەسەر کراوە.
وتراوە کە مەهدی کاکەیی دوای دەستبەسەرکرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری قوروە بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی شاری تاران گواستراوەتەوە و چارەنووسی نادیارە.
تاکوو داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی، چارەنووسی و هەروەها شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.