بەندیخانەی ساری؛ سزای سێدارەی بەندکراوێکی ژن جێبەجێ کرا

٢١ ڕێبەندان ٢٧٢٤، ١٢:٤٢

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی ژنێک بەناوی مەهتاب قازیزادە خەڵکی ساری، کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ساری، ناوەندی پارێزگای مازەندەران جێبەجێ کرا. ناوبراو دووەمین ژنە کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ەوە سزای سێدارەکەی جێبەجێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٦ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی مەهتاب قازیزادە، تەمەن ٤٧ ساڵ لە بەندیخانەی ناوەندیی ساری جێبەجێ کراوە. ناوبراو ڕۆژی سێشەممە بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابۆوە و ڕۆژی چوارشەممە دوایین چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی ئەنجام دابوو.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مەهتاب قازیزادە کە دایکی دوو منداڵ بووە، چوار ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی هاوژینەکەی دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی مەهتاب قازیزادە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤دا لانی کەم ٣٠ ژن لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە