ئورمیە؛ پژمان سوڵتانی لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا
هەنگاو؛ یەکشەممە ٢١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
پژمان سوڵتانی بەندکراوی سیاسیی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لە شاری بۆکان، لە لایەن لقی یەکی دادگای تاوانەکانی تایبەت بە گەنجانی پارێزگای ئورمیە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. دوو تۆمەتباری دیکەی ئەم دۆسیە بە ناوەکانی ڕزگار بەیگ زادە بابامیری سزای ١٥ ساڵ بەندکران و سۆران قاسمی (عەلی) سزای ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکرانییان بەسەردا سەپێندراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا پژمان سوڵتانی بەندکراوی تەمەن ٣٢ ساڵ و بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لە لایەن لقی یەکی دادگای تاوانەکانی تایبەت بە گەنجانی پارێزگای ئورمیە بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست"ی یەکێک لە ئەندامانی بەسیج لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.
لەم دۆسیەدا ڕزگار بەیگ زادە بابامیری تەمەن ٤٧ ساڵ و سۆران قاسمی (عەلی) تەمەن ٢٨ ساڵ بە تۆمەتی "هاوکاری لە کوشتن" هەر یەک بە سزای ١٥ ساڵ و ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکران مەحکووم و کاوە ساڵحی تەمەن ٤٢ ساڵ تۆمەتبارێکی دیکەی ئەم دۆسیە لەو تۆمەتە بێ تاوان دەرچووە.
هەنگاو زانیویەتی کە، دانیشتنی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم چوار هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ٩ی بەفرانباری ٢٧٢٤ بەڕێوەچووە و سزادەرچووەکان لە ڕێکەوتی ٢٦ی بەفرانبار لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بە ناوبراوان ڕاگەیێندراوە.
شایانی باسە کە، ئەم چوار بەندکراوە لەگەڵ جوانمەرد مام خوسرەوی یەکێکی دیکە لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دۆسیەیەکی دیکەیان لە دادگای شۆڕشی ئورمیە هەیە بە تۆمەتەکانی وەکوو "موحاڕبە"، "بەغی"، "ناردنی دەرمان" و "قاچاخی ئستارلینک" ڕووبەروو بوونەتەوە.
پژمان سوڵتانی ڕۆژی شەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (١٥ی ئاپریلی ٢٠٢٣) لە شوێنی کارەکەی و سۆران قاسمی لە هەمان ڕۆژدا لە بەرامبەر ماڵەکەی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کرابوون. ڕزگار بەیگ زادە بابامیری ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خاکەلێوە (١٧ی ئاپریل) لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعات دەستبەسەر کرابوو.
ئەم چوار هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکران بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئتلاعاتی ئورمیە گواسترابوونەوە و بۆ ماوەی چوار مانگ لە ژووری تاکەکەسی و لە ژێر ئەشکەنجەی سەختدا بوون و هەروەها ناچار بە دانپێندانانی زۆرەملێ لە دژی خۆیان ببوون.