ئورمیه؛ جێبەجێکردنی نهێنیی سزای سێدارەی مێحراب عەبدوڵڵازادە لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"

١٣ بانەمەڕ ٢٧٢٦، ١٠:٣٩

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٦

سزای سێدارەی مێحراب عەبدوڵڵازادە، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی ئورمیه کە سێشەممەی حەوتووی ڕابردوو بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرابووەوە، بە شێوەیەکی نهێنی لەو بەندیخانەیە جێبەجێ کرا. ناوبراو لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ (٣ی مەیی ٢٠٢٦)، سزای سێدارەی مێحراب عەبدوڵڵازادە، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٢٧ ساڵ و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، بە شێوەیەکی نهێنی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیه جێبەجێ کرا. دەزگای دادوەریی ئێران چەند کاتژمێر پێش ئێستا بە فەرمی جێبەجێکردنی سزاکەی پشتڕاست کردەوە.

ڕۆژی سێشەممە ٨ی بانەمەڕ، مێحراب عەبدوڵڵازادە دوای ئەوەی ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بە سووکایەتی و بێڕێزیی یەکێک لە سەربازەکانی هۆڵی چاوپێکەوتن (ئەمیرڕەزا غەزنەوی) بەرامبەر بە بنەماڵەی بەندکراوە سیاسییەکان و دروستبوونی گرژی لە نێوان مێحراب و ئەو سەربازە، بە فەرمانی "پەیمان خانزادە" سەرۆکی بەندیخانەی ئورمیه بە دەستبەستراوی و بە مەبەستی سزادان بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرابووەوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە پێشتر لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئورمیه بە سەرۆکایەتیی دادوەر "نەجەفزادە"، بە تۆمەتگەلێکی وەک "بەغی" و "ئەفساد فی ئەلئەرز" لە دۆسیەی کوژرانی یەکێک لە هێزە حکوومەتییەکان بە ناوی "عەباس فاتمیە" لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ڕەزبەری ١٤٠١ لە نۆشینشار ئورمیه سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو. ئەمە لەکاتێکدایە کە مێحراب عەبدوڵڵازادە تەواوی تۆمەتە پاڵدراوەکانی ڕەت کردبووەوە و جەختی کردبووەوە کە دانپێدانانەکانی لەژێر ئەشکەنجەی تونددا لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکان وەرگیراون.

سزای سێدارەی ناوبراو پێشتر لە لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرابووەوە. لەم دواییانەشدا لقی ٣٩ی دیوانی باڵا داواکاریی پێداچوونەوەی دۆسیەکەی (اعادە دادرسی) ڕەت کردبووەوە و سەرەڕای تۆمارکردنەوەی داواکارییەکە، دەزگای دادوەری بەبێ ڕەچاوکردنی ڕێکارە یاساییەکانی تانەدان، سزاکەی جێبەجێ کرد.

ناوەندی ڕاگەیاندنی دەزگای دادوەریی ئێران بانگەشی ئەوە دەکات کە میحراب عەبدوڵڵازادە لەگەڵ چەند تۆمەتبارێکی دیکە، دەستیان هەبووە لە گەمارۆدان و لێدان و کوشتنی هێزێکی حکوومەتی.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، جێبەجێکردنی سزای سێدارەی میحراب عەبدوڵڵازادە بە نموونەی بەرچاوی "کوشتنی حکوومەتی" و تۆڵەسەندنەوەی سیاسی لە خۆپیشاندەران دەزانێت. هەنگاو جەخت دەکاتەوە کە ئەم بەندکراوە سیاسییە لە تەواوی ماوەی دەستبەسەرکردنیدا لە مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراو بێبەش بووە و جێبەجێکردنی سزاکەی لە کەشوهەوای گرژییە ناوچەییەکاندا، نیشاندەری خراپ بەکارهێنانی بارودۆخی ئێستایە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ پاکتاوکردنی بەندکراوە سیاسییەکان.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە