سزای سێدارەی پێنج کەس لە دەستبەسەر کراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیی لە بۆکان لە لایەن دادگای باڵا هەڵوەشایەوە
هەنگاو؛ یەکشەممە ٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥
سزای سێدارەی ڕزگار بابامیری، پژمان سوڵتانی، سۆران قاسمی، کاوە ساڵحی و تەیفوور بابامیری پێنج بەندکراویی سیاسی کورد و خەڵکی بۆکان کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیی دەستبەسەر و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو، لە لایەن دادگای باڵا بە هۆی «نەبوونی شیاوەتی دادوەر و دادگای بڕیاردەر» هەڵوەشایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەم دواییانە سزای سێدارەی تەیفوور سەلیمی بابامیری ٤٧ ساڵە، سۆران قاسمی ٢٨ ساڵە، پژمان سوڵتانی ٣٠ ساڵە، کاوە ساڵحی ٤٠ ساڵە و ڕزگار بابامیری ٤٢ ساڵە لە دەستبەسەر کراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە بۆکان، لە لایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات بە هۆی ئەوەیکە دادوەری بڕیاردەریی سزا لە دەرەوەی توانا و شیاوەتی یاسایی بووە و دادگای شوێنی بڕیارەکەیش دادگای کردەوەکانی پەیوەندیدار نەبووە، هەڵوەشایەوە و بە مەبەستی پێداچوونەوەی دووبارە ڕادەستی دادگای شۆڕشی مەهاباد کراوە.
ئەم حوکمە کە لە ئەنجامی پێداچوونەوەی داواکاریی هاوبەشی عوسمان مەزین، بێهرووز کیان و نەجات عەلیپوور، پارێزەرەکانی ئەم تۆمەتبارە سیاسییانە لە لایەن دیوان باڵی دەر کراوە و ڕۆژی شەممە ٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ (٢٥ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥) بە شێوەی فەرمی بە بنەماڵەکانیان ڕاگەیاندووە.
عوسمان مەزین، پارێزەری ڕزگار بابامیری لە شرۆڤەی هۆکارەکانی دیوان باڵای وڵات بۆ دەر کردنی ئەم حوکمە ڕایگەیاندووە کە دیوان باڵا بە سەرنجدان بە ئەوەیکە دادوەریی بڕیاردەریی سزای سێدارە لە کاتی دەرکردنی ئەو حوکمە هیچ پلە و پایەیەکی لە لقی پەیوەندیدار نەبووە و دادگای بڕیاردەریش دادگای کردەوەکانی پەیوەندیدار نەبووە، سەلاحییەتی پێداچوونەوە بە کەیسەکەی نەبووە؛ بۆیە، سزای سێدارە هەڵوەشایەوە و بڕیاری پێداچوونەوە بە کەیسەکە بۆ دادگای پەیوەندیدار و سەلاحییەت داری ناوخۆیی (دادگای شۆڕشی مەهاباد) دەرچووە.
ئەم پارێزەریی دادپەروەرییە هەروەها جەختی کردەوە کە ڕزگار بابامیری و ١٣ تۆمەتبارەکەی دیکەی ئەم کەیسە، پاش دەستبەسەر کران، چەندین مانگ لە دەستبەسەرگە بە بێ دەستپێڕاگەیشتن بە بنەماڵە، پارێزەر یا پزیشک هەڵگیراون و سەرەڕای کەمووکوڕییە بەرینەکان لە ڕەوتی دادەورییدا، وەک گواستنەوەی نایاسایی کەیسەکە بۆ ئورمیە و بەڕیوەبردنی کۆبوونەوەکانی دادگا بە بێ هەبوونی هەموو تۆمەتباران، دیوان باڵای وڵات لە کۆتاییدا سزای سێدارەی ئەم پێنج هاووڵاتییەی هەڵوەشاندەوە.
ئەم پێنج بەندکراوە هەروەها لەم ڕۆژانەی ڕابردوو، لەگەڵ چەند هاووڵاتیی دیکەی هاو کەیسی خۆیان کە بە دانانی بارمتە ئازاد کراون، لە لایەن دادگای تاوانەکانی ئورمیە لە تۆمەتی «دابین کردنی ئابووریی تیرۆریزم» بێتاوان دەرچوون.
شایانی باسە کە، پووشپەڕی ٢٧٢٥ تەیفوور سەلیمی بابامیری، سۆران قاسمی، پژمان سوڵتانی، کاوە ساڵحی و ڕزگار بابامیری، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە تۆمەتی « یاخیبوون» و «دژایەتی خوا» بە سزای سێدارە و هەروەها بە تۆمەتی «ئەندامێتی لە گروپە تێرۆریستییەکان» هەر کامیان سزای ١٥ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپابوو.
ئەم سزا کە ڕۆژی دووشەممە ١٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ بە فەرمی بە پارێزەرەکانی ناوبراوانیان ڕاگەیاندبوو، بە پێی ئەوە هەرکام لە سۆران قاسمی، کاوە ساڵحی و پژمان سوڵتانی سزای سێ جار سێدارە، ڕزگار بابامیری دوو جار سێدارە و تەیفوور سەلیمی بابامیری کە بە بارمتەی بێنج میلیارد تمەنی ئازاد کرابوو بە یەک جار سێدارە سزا درابوون.
ئەم پێنج بەندکراوە سیاسییە جیا لە سزاکانی سێدارە، هەر کامیان بە ١٥ ساڵ سزای بەندکران و بە کۆی گشتی ٧٥ ساڵ سزای بەندکران مەحکوم کرابوون.
هەروەها هەشت هاووڵاتیی دیگە لەم کەیسەدا بە ناوەکانی جوانمێر مام خوسرەویی، ئەحمەد مامەزادە، سالار داغدار، سیامەک عەینی، هێمن کرمانج، جەلیل مەولوودی، حسەین حسەین زادە و سوارە عەزیز زادەیش بە تۆمەتەکانی وەک «ئەندامێتی لە گروپی یاغی»،«هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی دوژمنکار» و «هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی» سزای قورسی بەندکران و غەرامەکردنیان بە سەردا سەپابوو.
هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی سەلاحەدین ئەحمەدیش هەر لەم کەیسەدا لە هەندێک لە تۆمەتەکان بەخشراوە بەڵام کەیسەکەی ناوبراو بە هۆی «پێداچوونە و ڕاستکردنەوەی ئەو نازناوە تاوانکارییەی کە لە تۆمەتبار کردنەکەدا هاتووە»، هێشتا کراوەتەوە.
ئەم کەسانە چەند مانگ پاش بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیی و هەر لەم پەیوەندییەدا لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و بۆ ماوەی چەند مانگ لە ژێر دیار نەمانی زۆرەملێدا بوونە و بە قورسی ئەشکەنجە دراون و ناچار بە دانپێدانانی زۆرە ملێ دژی خۆیان بوون.