سنە؛ بانگکران و دەستبەسەرکرانی گۆران خودامورادی بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی
هەنگاو؛ یەکشەممە ١٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
گۆران خودامورادی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری سنە دوای بانگکران و ڕۆیشتن بۆ لقی چواری جێبەجێکرانی سزاکانی سنە دەستبەسەر کرا و بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای ٦ مانگ بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، گۆران خودامورادی، تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی گوندی "شیان"ی سەر بە شاری سنە، پاش بانگکران و ڕۆیشتن بۆ لقی چواری جێبەجێکرانی سزای تاوانەکانی سنە، بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای شەش مانگ بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.
گۆران خودامورادی، لەم دواییانەدا لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" و "پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت" سزای چوار ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و شەش مانگ بەندکرانی دیکەی بەسەردا سەپێندرابوو.
ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی و بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کرابوو و لە ڕێکەوتی ٢٦ی خەزەڵوەر بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
شایانی باسە کە، هێزە ئەمنییەکان وێڕای دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە، ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر هەندێک لە کەلوپەلە تایبەتییەکانی ناوبراو وەکوو مۆبایل و کتێبەکانیدا گرتوووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.