ئاشکرابوونی ناوی نۆ کەس لە دەستبەسەکراوانی خۆپیشاندانەکانی دێهدەشت و گواستنەوەی هەندێکیان بۆ یاسووج

هەنگاو؛ شەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
ژمارەی هاووڵاتییانی ناڕازیی دەستبەسەکراو لە خۆپیشاندانەکانی دێهدەشت بەرەو زۆربوونە و تا ئێستا ناوی ٩ کەسیان لەوانە دوو منداڵی ژێر ١٨ ساڵ ئاشکرا بووە. ناوی ئەم ناڕازییانە بریتییە لە عاتفە تاهیرنیا، ئەمیرحوسێن جەعفەری، کامران بووزەری، جابر فرووغی، پووریا بەراتی، حوسێن پەریسایی، عەلیڕەزا پەریسایی، حەمید پەریسایی و ئەحمەد نوورمحەممەدی.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ناوی سێ کەسی دیکە لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی هەفتەی ڕابردووی شاری دێهدەشت سەر بە کەهگیلوویە و بویەرئەحمەد عەلیڕەزا پەریسایی، ئەحمەد نوورمحەممەدی و حەمید پەریسایی ئاشکرا بووە. ژمارەیەک لە ناڕازییانی دەستبەسەرکراو بۆ دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری دێهدەشت و هەندێکی دیکەیان بۆ یاسووج، ناوەندی کەهگیلوویە و بویەر ئەحمەد گواستراونەتەوە.
لەم نێوانەدا هەر یەک لە عاتفە تاهیرنیا، ئەمیرحوسێن جەعفەری تەمەن ١٧ ساڵ، کامران بووزەری تەمەن ١٦ ساڵ، جابر فرووغی و پووریا بەراتی، ئێوارەی سێشەممە ٢٣ی ڕێبەندان و حوسێن پەریسایی پێنجشەممە ٢٥ی ڕێبەندان دەستبەسەر کران. سێ هاووڵاتیی دیکەیش لەم ماوەیەدا دەستبەسەر کراون.
خۆپیشاندانەکانی دێهدەشت لە ڕۆژی ٢١ی ڕێبەندانی ئەم ساڵ دەستی پێکرد و تا ئێوارەی پێنجشەممە ٢٥ی ڕێبەندان درێژەی هەبوو کە لەم ماوەیەدا ژمارەیەک لە ناڕازییان دەستبەسەر کران و ناسناوی هەندێکیان تا ئێستا ئاشکرا نەبووە.
شایانی باسە کە، عاتفە تاهرنیا، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان،ئازادی بۆ ماوەیەک لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ هۆی لێدان بە باتۆم زیانی بەرکەوتبوو.
لە ڕەوتی ئەم خۆپیشاندانانە دروشمی وەک "ئیمساڵ ساڵی خوێنە، سەید عەلی دەڕووخێ"، "مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامی" و "مەرگ بۆ دیکتاتۆر" وتراوەتەوە
بە پێی ئەو ڤیدیۆیانە لە ئێوارەی هەینی ٢٦ی ڕێبەندان بڵاو بوونەتەوە، نیشانی دەدات کە هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی دروستکردنی ترس و سەرکوتی ناڕازییان لە دێهدەشت بڵاو ببوونەوە.