ئاشکرابوونی ناوی پێنج کەس لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی دێهدەشت

٢٤ ڕێبەندان ٢٧٢٤، ١٢:٣٤

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤  

لە ڕەوتی سێهەمین شەو لە خۆپیشاندانی خەڵکی دێهدەشتی سەر بە پارێزگای کەهگیلوویە و بویرئەحمەد، لانی کەم پێنج هاووڵاتیی ناڕازی لەوانە ژنێک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.  

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی سێشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (١١ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، پێنج هاووڵاتیی لوڕ و خەڵکی دێهدەشت بە ناوەکانی عاتفە تاهرنیا، ئەمیرحوسێن جەعفەری، کامران بووزەری، جابر فرووغی و پووریا بەراتی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.  

هەروەها، بە پێی هەندێک لە زانیارییەکان لەم نێوانەدا هاووڵاتییەکی دیکەی ژن لەگەڵ سێ پیاو دەستبەسەر کراون کە بەدواداچوون بۆ ناسننامەکانیان دەکرێت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییانە لە گۆڕەپانی ناوەندیی دێهدەشت، سەر بە پارێزگای کەهگیلوویە و بویرئەحمەد لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دەستبەسەر کراون.  

عاتفە تاهرنیا، ئەمیرحوسێن جەعفەری، کامران بووزەری، جابر فرووغی پووریا بەراتی دوای دەستبەسەرکران بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و تا ئێستا زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.

لە ڕەوتی ئەم خۆپیشاندانانە درووشمی وەک "ئیمساڵ ساڵی خوێنە، سەید عەلی دەبێ بڕووخێ"، "مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامی" و "مەرگ بۆ دیکتاتۆر" وتراوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە