دەستبەسەركرانی توندوتیژانەی دوو هاووڵاتیی كورد لە سەڵماس و بۆكان لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
پەیمان ئیسماعیل پوور، خەڵكی بۆكان و هاووڵاتییەكی دیكەی كورد بە ناوی ئەفشین عەلیزادە، خەڵكی سەڵماس لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواسترانەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لەبەیانی پێنجشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (١٣ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، پەیمان ئیسماعیل پوور، تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵكی گوندی "حاجی لەك"ی سەر بە بۆكان لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستبەسەر كرا.
بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، هێزە ئەمنییەكان لە ڕەوتی هێرشكردن بۆ شوێنی مانەوەی ئەم هاووڵاتییە، شووشەی پەنجێرەكانیان شكاندووە و بە بێ هەبوونی مۆڵەت چوونەسە ناو ماڵەكە.
هەروەها، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ڕێبەندان، ئەفشین عەلیزادە، تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵكی گوندی "هەركیان"ی سەر بە سەڵماس لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستبەسەر كرا.
دەستبەسەركرانی ئەفشین عەلیزادە بە بەكارهێنانی توندوتیژی و بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەكی دادوەری لە ماڵی ناوبراو بووە.
هەروەها، هێزە ئەمنییەكان دەستیان بەسەر كەلوپەلی تاكەكەسیی ئەلەكترۆنی لەوانە مۆبایل و كامپیووتێری ئەفشین عەلیزادەدا گرتووە.
تا ئێستا زانیارییەكی ورد لەسەر هۆكاری دەستبەسەركران، تۆمەتە سەپێندراوەكان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییانە، لەبەر دەستدا نییە.