ژنكوژی؛ ڕاپۆرتێک لەسەر كوشتنی فەرزانە مورادی و دوو کۆرپەڵەکەی لە لایەن هاوژینەکەیەوە لە كۆزەران

هەنگاو؛ یەكشەممە ١٧ی خاكەلێوەی ٢٧٢٥
ژنێكی دووگیانی خەڵكی شاری کۆزەران سەر بە پارێزگای كرماشان بە ناوی فەرزانە مورادی لەگەڵ دوو کۆرپەڵەکەی، بە چەكی گەرم لە لایەن هاوژینەکەیەوە كوژرا. بیانوویی بكوژ بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانە، دووگیانبوونی ژنەکەی بە كچەوە بووە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٦ی خاكەلێوەی ٢٧٢٥ (٢٦ی مارسی ٢٠٢٥)، فەرزانە مورادی، ژنی دووگیانی تەمەن ٣٠ ساڵ و دانیشتووی کۆزەران و دایكی دوو كچی دیكەی تەمەن ٥ و ٨ ساڵان، لە ڕێگای بەكارهێنانی چەكی كۆڵت لە لایەن هاوژینەکەیەوە بە ناوی "پێدرام سەفایی" كوژرا.
بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، فەرزانە مورادی بە دوانە دووگیان بووە كە یەكیان كوڕ و یەكیان كچ بووە، بەم بۆنەیەوە لە لایەن هاوژینەکەیەوە ئازار دراوە و دواتر كوژراوە.
شایانی باسە كە، بكوژ دوای ئەنجامدانی تاوانەكە لەو شوێنە هەڵاتووە و لە لایەن خزمەكانی خۆی ڕادەستی پۆلیس كراوە و ئێستا لە دەستبەسەریدایە.