سەقز؛ دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی بێهرووز فەیزی

١٥ ڕێبەندان ٢٧٢٤، ١٤:٠٩

هەنگاو؛ دووشەممە ١٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤

هاووڵاتییەکی کورد و خەڵکی شاری سەقز بە ناوی بێهرووز فەیزی حەوتەی ڕابردوو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر بارودۆخی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٩ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، بێهرووز فەیزی، خەڵکی سەقز لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی فەیزی، ئەم هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکردنی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە سنە گواستراوەتەوە.

لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوو هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بە مەبەستی ئاگاداربوون لە بارودۆخی بێهرووز فەیزی بێ ئاکام ماوەتەوە.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە سێ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی سەقز لە هەمان ڕۆژدا، بە ناوەکانی ڕەحمان ڕەحیم پوور، تەمەن ٣٧ ساڵ و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، هیوا ئەمینی و بەهمەن فەیزی دەستبەسەر کرابوون.

تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ناوبراوان لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە