ئەنوەر چالشی بەندکراوی سیاسی کورد بە هۆی نەخۆشی و ڕێگریی سوپای پاسداران لە دەرمان گیانی لەدەست دا

هەنگاو؛ چوارشەممە ١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٠٤
ئەنوەر چالشی بەندکراوی سیاسی کورد کە تووشی شێرپەنجە ببوو لە حاڵێکدا پێنج ساڵ لە بەندکرانی خۆی لە بەندیخانەی ئورمیە تێپەر دەکرد بە هۆی نەخۆشی گیانی لەدەست دا. ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لەبەر ئەوەیکە ڕێگرییان لە پێڕاگەیشتنی پزیشکی ناوبراو دەکرد بەرپرسی یەکەمی گیانلەدەستدانی ئەم بەندکراوەیە.
بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (١٦ی فێبریواری ٢٠٢٥) ئەنوەر چالشی بەندکراوی سیاسی کوردی خەڵکی گوندی “لۆرزینێ” سەر بە ناوچەی مەرگەوەری ئورمیە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.
پێشتر لە مانگی بانەمەری ئەم ساڵ لە حاڵێکدا نەخۆشی شێرپەنجەی ڕیخۆڵەی ئەم بەندکراوە سیاسییە تەنگی پێهەڵچنیبوو و پێویستی بە پێڕاگەیشتنی پزیشکی بوو، ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ڕێگرییان لە مەرەخەسی دەرمانی ناوبراو کردبوو.
بە هۆی ڕێگری ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ئەنوەر چالشی بە بێ پێڕاگەیشتنی پزیشکی بە دەست و لاقی بەستراو لە نەخۆشخانە بۆ بەندیخانە گوازرایەوە.
ئەنوەر چالشی لە ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ١٣٩٩ (٢ی دیسەمبەری ٢٠٢٠) هاوکات لەگەڵ دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی کامیل جەباروەند خەڵکی گوندی چریک ئاوا و موسا ئاڵۆسی خەڵگی گوندی وەڵندەی سەروو سەر بە ئورمیە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی سپای ئورمیە گوازرانەوە.
ئەنوەر دواتر بە تۆمەتی هەوڵدانی دژی ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆرشی ئورمیە سزای ٧ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
موسا ئاڵۆسی دوای ماویەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرا و کامیل جەباروەند و ئەنوەر چالشی ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی ژانویە ٢٠٢١ گوسترانەوە بۆ بەندی سیاسی بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە.