بەندیخانەی قوروە؛ ئازادکردنی زاهید خالیدیان بە دانانی بارمتە

١ ڕەشەمە ٢٧٢٤، ١٣:٣٩

هەنگاو؛ چوارشەممە ١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤

زاهید خالیدیان، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری قوروە دوای ٢٦ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەکانی سنە و قوروە و بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە بەهۆی بەشداری لە مانگرتنەکانی ڕۆژی سێی ڕێبەندان بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی قوروە ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (١٨ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، زاهید خالیدیان، تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی قوروە دوای ٢٦ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٣ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، لەگەڵ براکەی، واحید خالیدیان بەهۆی بەشداری لە مانگرتنەکانی کوردستان بەنیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی قوروە لە دوکانەکەی خۆیاندا لە گۆڕەپانی ئیتحادی ئەو شارە دەستبەسەر کرابوون.

واحید خالیدیان، پاش چەند ڕۆژ بەدانانی بارمتەی سێسەد ملیۆن تمەنی ئازاد کرا و زاهید خالیدیان بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواسترایەوە و لێپرسینەوەی لێکرا. نابراو دواتر بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی قوروە و لەئاکامدا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترابۆوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە