جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانی کەم پێنج بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئامۆل و قزڵحیساری کەرەج

١ ڕەشەمە ٢٧٢٤، ٢٠:٤١

هەنگاو؛ چوارشەممە ١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی لانی کەم چوار بەندکراو بەناوەکانی حوسێن یاوەری، ساسان میرهادی، بێهرووز محەممەدی و ڕەزا ئەنزەلیچی کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان، کوشتنی بە ئەنقەست و دزیی چەکدارانە دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا. هاوکات مالک پارسا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئامۆل لەسێدارە دراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (١٩ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی حوسێن یاوەری تەمەن ٢٨ ساڵ، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کرماشان و بێهرووز محەممەدی خەڵکی تاران کە پێشتر لە دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.

هاوکات ساسان میرهادی، هاووڵاتیی لوڕی خەڵکی دێزفوول بە تۆمەتی موحاربە لە ڕێگای دزیی چەکدارییەوە و ڕەزا ئەنزەلیچی تەمەن ٤٥ ساڵ  و خەڵکی ڕەشت بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە بەندیخانە لەسێدارە دراون.

لە لایەکی دیکەشەوە ئەمڕۆ، سزای سێدارەی مالک پارسا، هاووڵاتیی مازەنیی خەڵکی شاری ئامۆل کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئامۆل سەر بە پارێزگای مازەندەران جێبەجێ کرا.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو پێنج بەندکراوە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە