هۆشداریی ئیدارەی ئیتلاعات بە بەڕێوەبەرانی تالار و هۆڵەکانی شارە جیاوازەکانی کوردستان سەبارەت بە لەبەرکردنی "جلوبەرگی خاکی" و "جامانە

٢ ڕەشەمە ٢٧٢٤، ٠٩:٤٨

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤

ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هاودەستیی ئیدارەی چاودێری لەسەر شوێنەکان، سەبارەت بە لەبەرکردنی "جلوبەرگی خاکی" و لەسەرکردنی "جامانە" هەڕەشەی لە خاوەن و بەڕێوەبەری تالار و هۆڵە تایبەتەکانی شارەکانی کوردستان کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە گوشارخستنەسەر ئیدارەی چاودێریکردنی شوێنەکان و هەروەها بەڕێوەبەرانی هۆڵی تایبەتی ڕێوڕەسمەکان لە شارە جیاوازەکانی کوردستان، سەبارەت بە کەڵکوەرگرتنی میوانان لە "جامانە" و "جلوبەرگی خاکی" لەو ڕێوڕەسمەدا ئاگاداریانی کردووینەتەوە و هەڕەشەی لێکردوون.

سەرچاوەکانی هەنگاو لە شاری سنە ڕایانگەیاندووە کە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا هۆڵێک بۆ ماوەی سێ حەوتوو و هۆڵێکی دیکە بۆ ماوەی دوو حەوتوو داخراوە و بەڕیوەبەرەکانیان بەسەختی هەڕەشەیان لێکراوە کە لە ئەگەری بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکان بەو دوو هێمایەوە، هۆڵەکانیان بۆ ماوەیەکی زۆر دادەخرێن.

سەرەتای مانگی بەفرانباری ئەمساڵ، لانی کەم ٥٨ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان و پیرانشار بریتی لە ئەندامانی بنەماڵەی گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە دوای ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمی زەماوەندێکدا به جامانە و جلوبەرگی خاکی بە تۆمەتی ئەوەی بە "هێماگەرایی" ڕاگەیێندرابوو، بانگ کرابوونە ناوەندە دادوەرییەکان.

دوای بانگکران و سازکردنی دۆسیەی دادوەری بۆ ئەو کەسانە، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لە شارە جیاوازەکانی کوردستان وەکوو سنە، بۆکان، مەهاباد، پیرانشار و شنۆ هەندێک ڤیدیۆ لە زەماوەندەکان بڵاو کرانەوە کە ئامادەبووان بۆ ڕاگەیاندنی پاڵپشتییان لەو کەسانەی بانگ کرابوون، بە جامانە و جلی خاکییەوە لە بۆنەکان بەشدارییان کردبوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە