بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام؛ مانگرتن لە خواردنی کیانووش چراغی بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی سزای پێبەندی ئەلیکترۆنییەکەی

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
کیانووش چراغی، خەڵکی دێلوڕان بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی سزای پێبەندی ئەلیکترۆنییەکەی و دووبارە گواستنەوەی بۆ بەندیخانە، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام مانی لە خواردن گرت. ناوبراو پێشتر لە پەیوەندی لەگەڵ ئەوەڵین ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کیانووش چراغی، هاووڵاتیی تەمەن ٤٤ ساڵی خەڵکی شاری دێلوڕان، لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (١٦ی فێبریوەریی ٢٠٢٥) لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام مانی لە خواردن گرتووە.
کیانووش چراغی لەحاڵێکدا کە لەم دواییانەدا لەژێر چاودێریی پێبەندی ئەلیکترۆنی لە بەندیخانەی ئیلام ئازاد کرابوو، مانگی ڕێبەندان بە ڕای لقی ٦ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئیلام سزاکەی هەڵوەشێندرایەوە و جارێکی دیکە بە لێدان و بێڕێزییەوە دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانە گواسترایەوە.
ئەو فەرمانبەرە پێشووەی ئیدارەی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی دێلوڕان ساڵی ڕابردوو لە لایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە تۆمەتی "کردەوەی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی" سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
ناوبراو ماوەیەک دواتر بەهۆی بەشێکی دیکە لە دۆسیەکەی، لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیلام بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەید ڕەزا سەلاحەددینی بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت" سزای ١ ساڵ بەندکران بە هەژمارهێنانی ڕۆژانی پێشووی دەستبەسەرکرانی بەسەردا سەپێندرا.
ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە ٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (٢٧ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی لە پەیوەندی لەگەڵ پەیامێکی ڤیدیۆیی لە تۆڕی کۆمەلایەتیی ئینستاگرام لە بەرەبەرەی ئەوەڵین ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینیدا، بە توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا.
کیانووش چراغی کە پێشتر فەرمانبەری ئیدارەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی دێلوڕان بووە، دوای دەستبەسەرکران لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعات لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیدا بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە