قەسری شیرین؛ دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی لوقمان وەیسی

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
لوقمان وەیسی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری قەسری شیرینی سەر بە پارێزگای کرماشان و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لەو شارەدا دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی شەش ڕۆژ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (١٥ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، لوقمان وەیسی، تەمەن ١٨ ساڵ، خەڵکی قەسری شیرین و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەیان لە گەڕەکی قەسری جەدید دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی شەش ڕۆژ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ئەو هاووڵاتییەیان بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.