جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی قوروە

هەنگاو؛ یەکشەممە ٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی قوروە بەناوی نەعیم عەبدی کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری قوروە جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (٢٣ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی نەعیم عەبدی، بەندکراوی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی قوروە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی عەبدی، نەعیم عەبدی دوو ساڵ پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی هاووڵاتییەک بەناوی بێهزاد موعەزەمی دەستبەسەر کرابوو و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوە هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.