دەستبەسەركرانی شەش هاووڵاتیی كورد لە لایەن ناوەندە ئەمنییەكانەوە لە میاندواو

هەنگاو؛ یەكشەممە ٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
لانی كەم شەش هاووڵاتیی كورد و خەڵكی میاندواو بە ناوەكانی بێهزاد بەرجستە، كەیوان بەرجستە، شەهاب توان، خالق ڕەحیمی، نیما قوربان زادە و سدیق عەباس نژاد لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر كران.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی شەممە ٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (٢٢ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە بە هێرشكردن بۆ سەر گوندی “برایماوا"ی سەر بە میاندواو چوار هاووڵاتی بە ناوەكانی بێهزاد بەرجستە، كەیوان بەرجستە، شەهاب توان و نیما قوربان زادەیان دەستبەسەر كردووە.
هاوكات ئەم هێزانە خالق ڕەحیمی خەڵكی گوندی گامێشگۆڵی و سەدیق عەباس نژاد خەڵكی گوندی "قەڵای هەلاكۆخان" (حسێناوا) دەستبەسەر كردووە.
بە گوێرەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە و میاندواو بە بەكارهێنانی توندوتیژی ئەم هاووڵاتییانەیان لە ماڵی خۆیان دەستبەسەر و دواتر بۆ یەکێک لە گرتنگەكانی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە ئورمیە گواستووەتەوە.
تا كاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەكی ورد لەسەر هۆكاری دەستبەسەركران، تۆمەتە سەپێندراوەكان، چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەم شەش هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.